بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید عەباس عێراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ماوەیەک بوو باس لە درێژەدان بە دانوستانەکان و پرسی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە دەکرا و ماوەیەک لەمەوبەر هاوتا پاکستانیەکەی بانگهێشتی عێراقچی و محەممەد باقر قالیباف کردبوو بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئیسلام ئاباد و درێژەدان بە دانوستانەکان، دوایین دۆخی ئەگەری دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا چییە و هەروەها دۆخی دانوستان لەگەڵ عومان، وتی: ئەوەی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباددا هاتووە "کۆتایی شەڕە"؛ واتە لەم یاداشتەدا کۆتایی شەڕەکە ڕاگەیەندراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمریکا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پێشێل کردووە و جارێکی دیکە شاهیدی دەستپێکردنی ململانێکان بووین، بەڵام شتێکمان نەبوو بە ناوی ئاگربەست کە ئێستا پێویستی بە درێژکردنەوەی هەبێت؛ بەڵکوو کۆتایی شەڕەکەمان هەبوو، کە ئێستا شێوازێکی نوێی وەرگرتووە.
سەبارەت بە ئاگربەستی 60 ڕۆژە، وەزیری دەرەوە هەروەها وتی: ئەوەی بە 60 ڕۆژ باسی لێوەکرا، دەرفەتێکی 60 ڕۆژە بوو بۆ دانوستان بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و لەسەر بنەمای ئەمەش ئاگربەستی 60 ڕۆژە نەبوو.
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ناوبژیوانەکان، هەردوو وڵاتی قەتەر و پاکستان، پەیام ئاڵوگۆڕ دەکەن و لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئێمە، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای دانوستان نییە. تا ئێستا بڕیارێک نەدراوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا.
ناوبراو سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دانوستانەکانمان لەگەڵ عومان بەردەوامە، بەڵام ئەمە گفتوگۆیەکی تەواو جیاوازە؛ باسێکی تەکنیکی پەیوەست بە دیاریکردنی ڕێگا دەریاییەکانی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتیە.
وەزیری دەرەوە ڕوونیشیکردەوە: ئەو ڕێگایانەی پێشتر هەبوون ئیتر کارا نین و دەبێت ڕێگەیەکی نوێ دیاری بکرێت. لە ئێستادا سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگایەکی کاتیین کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەبێتە ڕێگای کۆتایی.
بە جەختکردنەوە لەسەر سروشتی تەکنیکی ئەم دانوستانانە وتی: ئەمە کارێکی تەکنیکییە کە لە نێوان شارەزایانی دوو وڵاتدا ئەنجام دەدرێت و هێزە چەکدارەکانیش تێیدا بەشدارن؛ ئاخر ئەوان خاوەنی بۆچوونی سەرەکین لەسەر ئەم بابەتە. ڕەنگە بەم زووانە بگەینە ئەنجامێک.
وەزیری دەرەوە لە کۆتاییدا وتی: دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئەم دانوستانە لەسەر پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز دوو بەشی جیای هەیە. دانوستانێکی تەکنیکی پەیوەندی بە دیاریکردنی ڕێڕەوی دەریاییەوە هەیە و هەرکاتێک ئەم ڕێگایە دیاریکرا، ئایا گەرووی هورمز دەکرێتەوە یان نا، پەیوەستە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی دیکە کە ئەمریکا دەبێت پابەندی بێت بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات.
Your Comment